شارەوانییەکانی هەولێر هاووڵاتییان لە نەخشەیەکی ساختەی دابەشکردنی زەوی ئاگادار دەکاتەوە

:: PM:10:42:02/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا کە بە دەست "وشە" گەیشتووە، هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی لە بڵاوبوونەوەی نەخشەیەکی ناڕاست ئاگادار کردەوە کە گوایە تایبەتە بە دابەشکردنی زەوی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی نەخشەیەکی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە وا بانگەشەی بۆ دەکرێت نەخشەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران بێت لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی پیرمام، هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە کە ئەو نەخشەیە دوورە لە ڕاستییەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپاتی کردەوە، تەنیا ئەو نەخشانەی لە پەیجی فەرمیی خۆیان بڵاو دەکرێنەوە فەرمین، هەر کەس و لایەنێکی تر بڵاوی بکاتەوە نافەرمییە و ڕاست نییە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان ئاگادار بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.


وشە - پۆڵا مەحموود