دوای ئەوەی "وشە" چەند دۆسیەیەكی لەسەر پێوەندیی سەرانی بەعس و یەكێتی بڵاو كردەوە و خەڵك بە چەند لاپەڕەیەكی ئەو پێوەندییە ئاشنا بوون، ئێستە بەشێكی زۆر لە خەڵكی رۆشنبیر و ئەوانەی شارەزای مێژوون، زانیاریی جۆراوجۆر بۆ "وشە" دەنێرن.
پێوەندیی سەرانی رژێمی بەعس و بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی لە ئاستێكدا بووە، لە بڕینەوەى مووچە بۆیان و حەواندنەوە لە ماڵی جەلال تاڵەبانى تێپەڕیوون، بەشێك لە زانیارییەکان لەبارەی پێوەندیی ئەو حزبە لەگەڵ رژێمی لێخراوی بەعس بڵاو دەكەینەوە.
یەكێك لەو زانیارییانەی كە دەست "وشە" كەوتووە، دۆسیەى فەریق ڕوكنێکە بەناوی "ماهیر عەبد رەشید" فەرماندەی فەیلەقی یەك كە سەرپەرشتیاری ئەنفال و كیمیابارانی كوردستان، کە لەسەر حیسابی ئیدارەی گشتیی یەكێتیی لە نەخۆشخانەیەكی سلێمانی /ناوەكەی لای "وشە" پارێزراوە/ چارەسەری بۆ دەكرا، دوای مردنیشی لەسەر حیسابی یەكێتی لە گەڕەكی راپەڕین پارچەیەك زەوی كە 600 مەتر بوو، درا بە خێزانەكەی.
هەروەها، فەریق ڕوكن نەزار خەزرەجی کە سوپاسالاری عێراق بووە و یەكێك بوو لەوانەی دوای ڕووخانی ڕژێمى سەدام حوسێن لە لایەن دادگەوە داوا كرا لەسەر كەیسی ئەنفال و هەڵەبجە، بەڵام یەكێتی كەیسەكەیان داخست و تا ئێستەش ماڵباتەكەی لە گەڕەكی سەرچنار لە سلێمانی دەژین.
سەتان كەس و پلەداری تری سەردەمی رژێمی لێخراوی بەعس بە هەمان شێوە لەلایەن یەكێتییەوە داڵدە دراون، بەڵام ئەوان بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی دەنگۆی دانانی پرسەی كەسێك بڵاو دەكەنەوە لە هەولێر كە سەر بە ڕژێمی بەعس بووە، هەواڵەكەیش دوێنی لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەت كرایەوە.