ئەمڕۆ شەموو چواری نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانی پێنجەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، کاروانی پێنجەم کە پێکهاتووە لە 28 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشانی تالاسیمیا، بەخشەران و هاوەڵەکانیان، دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکییەکان و ڕێکارە زانستییەکان، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە تەواوی خەرجییەکانی چوون، هاتنەوە، مانەوە، پشکنینەکان، نەشتەرگەری و چارەسەرییەکان لەسەر ئەو بوودجەیەیە کە دابین کراوە بۆ ناردنی 140 تووشبووی تالاسیمیا بەمەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک. پرۆژەکەش بە بوودجەی نزیکەی 11 ملیار دینار بۆ ئەو نەخۆشانەی بەخشەریان هەیە و ئەوانەشی نییانە جێبەجێ دەکرێت، کە تیایدا نەخۆشەکان دەنێردرێنە ژمارەیەک نەخۆشخانەی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتی (JCI).
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا خراوەتە ڕوو کە وەزیری تەندروستی، پەیامی پەرۆشی و پاڵپشتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە نەخۆشەکان و سوپاس و دەستخۆشی لێ کرد بۆ ئەم پرۆژە مرۆڤدۆستانەیەی حكوومەتی هەرێم. هاوکات هیوای چاکبوونەوە و گەڕانەوەی بە سەلامەتی بۆ خواستن.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش دووپات کراوەتەوە کە تا ئێستە 220 هاووڵاتی ڕەوانە کراون، لە ڕۆژانی داهاتووشدا کاروانی شەشەم لە تووشبووان و هاوەڵەکانیان بۆ هەمان مەبەست بەڕێ دەکرێن، هاوکات ژمارەیەک لە تووشبووان و هاوەڵەکانیان دوای مانەوەی زیاتر لە 100 ڕۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر، گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.