كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ چارەسەری گرفت و كێشەكانی غازی ماڵان بەڕێوەچوو، پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، رێگریی دەكرێت لە قۆرخكاریی غازی ماڵان.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی نەوت و كانزاكان و لایەنی تری پێوەندیداری بواری سووتەمەنی ئەنجام درا.
پارێزگاری هەولێر هۆشداریی دا، هەموو كارگە و بریكارەكانی دابەشكردنی غاز، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نرخ نادرێت و هەر كەسێك غاز بە گرانتر لە نرخی دیاریكراوی حكوومی لە ڕێگەی كارتی ئەلیكترۆنی بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لەلایەنە پێوەندیدارەكان كرد، چاودێریی وردی ئەو بابەتە بكەن و ئاسانكاری تەواو بكەن بۆ گەیاندنی غاز بە هاووڵاتییان لە هەموو گەڕەك و كۆڵانەكان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر دووپاتی لە پێویستیی چارەسەركردنی خێرای كێشەی كارتی ئەلیكترۆنیی سووتەمەنی كردەوە و بڕیار درا، ئاسانكاریی تەواو بكرێت بۆ ئەو خێزانانەی تازە هاوسەرگیرییان كردووە و هێشتا مامەڵەی جیاكردنەوەی فۆرمی خۆراكیان تەواو نەكردووە، لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەی ئەو هاووڵاتییانەی لە سنووری مادەی 140ن، تا لە نزیكترین كاتدا كێشەكانیان چارەسەر بكرێت.