لەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی و كانزاكانی هەولێر بڕیاریدا كە چیتر لە كۆڵانەكاندا نۆرە بۆ غاز نەگیرێ، بەڵكو بریكاری دابەشكردنی غاز ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت و بە گوێرەی كارتی ئەلیكترۆنی غاز دابەش دەكات.
لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەمەوە پڕۆسەكە بەمشێوەیە لە هەولێر بەڕێوەچوو، چەندان گەڕەكی شارەكە بریكارەكانی دابەشكردنی غاز لە دەرگای ماڵانیان دەدا و ئەگەر كارتە ئەلیكترۆنییەكەی هیچ غازێكی پێ وەرنەگیرابێت ئەوە غازی یەكەم وەردەگرێ.
ئەوە لەكاتێكدایە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نۆری دوور و درێژ لە گەڕەكەكانی هەولێر بۆ وەرگرتنی غاز دەبەسترا و بە گوێرەی زانیاری "وشە" ئەمڕۆ 35 هەزار بوتڵ غاز لە هەولێر دابەش كراوە.
هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هۆشداریی دا، هەموو كارگە و بریكارەكانی دابەشكردنی غاز، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نرخ نادرێت و هەر كەسێك غاز بە گرانتر لە نرخی دیاریكراوی حكوومی لە ڕێگەی كارتی ئەلیكترۆنی بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لەلایەنە پێوەندیدارەكان كرد، چاودێریی وردی ئەو بابەتە بكەن و ئاسانكاری تەواو بكەن بۆ گەیاندنی غاز بە هاووڵاتییان لە هەموو گەڕەك و كۆڵانەكان.