كۆمەڵە: بارەگاكەی شەوی رابردوومان لە سلێمانی بۆردمان كرا چۆڵ كرابوو

:: AM:09:52:06/04/2026 ‌
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبارەی بۆردمانی شەوی رابردووی بارەگایەكیان لە سلێمانی، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ئەو شوێنە پێشتر چۆڵ كرابوو.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی فەرمیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە تێدا هاتووە، بارەگایەكمان لە سلێمانی كراوەتە ئامانج، بەڵام چۆڵكردنی پێشوەختەی شوێنەكە ڕێگر بووە لەوەی قوربانیی لێ بكەوێتەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، هەرچەندە زیانی گیانی لە ڕیزەكانی كۆمەڵەدا نەبوو، بەڵام  وێڕای سەركۆنەكردنی هێرشەكە، دووپات دەكەینەوە ئەوان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان پێشوەختە شوێنەكەیان چۆڵ كردووە.

روونی دەكەنەوە، ئێران دەیەوێ بەبیانووی ئێمە، خەڵكی سڤیل بكاتە قوربانی، بۆیە رای دەگەیەنین ئەو هێرشانە تەنیا سەرپێچیی سەروەریی خاكی هەرێم نییە، بەڵكو هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی سادەی هاووڵاتییان.

كۆمەڵە دووپات دەكاتەوە، هێرشەكە زیانی گیانیی لێ نەكەوتووەتەوە، چونكە بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل ‌و بڕینی هەر جۆرە بیانوویەك، بنكەكە پێشوەختە چۆڵ كرابوو، بەڵام دەنگی تەقینەوەكان‌ و ترسی هێرشەكە دانیشتووانی ناوچەكەی تووشی شۆك كردووە و زیانێكی مادیی زۆر گەورەشی بە باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی سڤیل گەیاندووە.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەیدا، كۆمەڵە ئێرانی بە سەرچاوەی ئاگری شەڕ لە ناوچەكەدا وەسف كردووە و دەڵێت، ئەم هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان‌ و شوێنە مەدەنییەكان، بەتوندی سەركۆنە دەكەین، هێرشەكەش لە كاتێكدایە كە ناوچەكە لەناو قەیرانێكی قووڵی تەناهیدایە و دەستدرێژییە بەردەوامەكانی درۆن‌ و مووشەكیش بۆ سەر هەرێم، ژیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەكی رژدەوە.



وشە - رامیار جەواد