تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، سنووری پارێزگای هەولێر بە تەواوەتی دەبێتە خاوەن كارەبای 24 سەعاتی و هیچ ماڵێك نامێنێت كارەبای 24 سەعاتی نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر، دوایین پێشكەوتنەكانی پڕۆژەی (ڕووناكی) خستەڕوو، كە پڕۆژەیەكی ستراتیجیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ چاكسازی لە سیستمی وزە و دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان.
خۆشناو ئاماژەی بەوە دا، پڕۆژەكە هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە و ئێستە 85%ی سنووری پارێزگای هەولێر سوودمەند بوونە لە كارەبای 24 سەعاتی. ئەمەش وەك وەرچەرخانێكی گرنگ لە كەرتی خزمەتگوزاریدا هەژمار دەكرێت كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان هەیە.
پارێزگاری هەولێر بۆ ئەو مەبەستەش، دەستخۆشی لە تیمی ڕووناكی و هاریكاری و هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای هەولێر كرد، كە كارەكان بەشێوەیەكی خێرا بەردەوامن، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ پڕۆژەكە دەگاتە ڕێژەی 100% لە هەموو سنووری پارێزگای هەولێر. بە تەواوبوونی ئەم قۆناغە، هیچ شوێنێك لە سنووری پارێزگاكەدا نامێنێت كە كارەبای 24 سەعاتی نیشتمانیی پێ نەگەیشتبێت.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی پلانێكی پێشوەختە بۆ وەرزی هاوین كرا، بە مەبەستی ڕێگریكردن لە كێشە و گرفتەكانی كارەبا و كەمكردنەوەی گوشار لەسەر وێستگەكان، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر چەند ڕاسپاردەیەكی گرنگی ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەكان كرد.