لە كاتێكدا بەگوێرەی رێنوێنییەكانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و رووماڵی هێرشەكان سنووردار كراوە، بەڵام كەناڵێكی سلێمانی بەبێ گوێدانە رێنوێنییەكان، لایڤی لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكان لە سلێمانی هەیە، ئەوەیش بە تەواوی مەترسیی خستووەتە سەر ئەو شارە.
شەوی رابردوو بەچەند درۆنێك هێرش كرایە سەر سلێمانی و لە گەڕەكی بەختیاریی شارەكە بە ماڵێك كەوت، دوای ئەوەی كەناڵێكی سلێمانی بەناوی نالیا كەوتنە بڵاوكردنەوەی دەیان ڤیدیۆ و راستەوخۆیان لە شوێنەكەدا كردووە.
هێزە تەناهییەكانی سلێمانی چوونە شوێنی رووداوەكە و هەر ئەوكاتە بەهۆی لایڤی ئەو كەناڵەوە، مەترسیی كەوتەوە سەر شارەكە و پارچەیەكی تر لە درۆن تەقییەوە.
ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، سەرچاوەیەك لە هێزە تەناهییەكانی ئەو شارە، بە "وشە"ی گوت، شەوی ڕابردوو ئەوەی مەترسیی لەسەر شارەكە دروست كردبوو، كەناڵی نالیا بوو، چونكە بێگومان پەخشكردنی ئەو زانیارییانە لە كاتی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە، مەترسی زیاتر دەكات و هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی دوژمن لە هەمان شوێن بدات.
بەگوێرەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی پەیامنێری كەناڵەكە دەڵێ، ئەو ماڵەی لێی دراوە پێشتر بارەگای حزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە /ئەو ناوی حزبەكەیش دەهێنێ/ بەڵام ئێستە چۆڵ كراوە، ئەوەیش زانیارییەكی تەواوە بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانەی هێرش دەكەنە سەر كوردستان.
مەروان سەلیم مامۆستای زانكۆ، بۆ "وشە" گوتی، ئەو رووماڵانەی كە دەكرێن لە سلێمانی بەتایبەت بە تەواوی زانیارییە بۆ گرووپەكان، بۆ ئەوەی هێرشەكانیان بۆ سەر شارەكە بەردەوامی پێ بدەن.
ڕوونیشی كردەوە، ناوهێنانی بنكە و شوێنی مانەوەی حزب لەناو ماڵاندا لەلایەن كەناڵەكانی راگەیاندن، بە تەواوی مەترسیی دەخاتە سەر شارەكە.
بەگوێرەی هەموو لێكدانەوەكان، بوونی ئەو جۆرە رووماڵ و كاركردنی راگەیاندنە بە تەواوی سلێمانی خستووەتە ژێر مەترسییەوە، لەو كەناڵەوە بەڵگەی ئەوە بە دەست دراوە كە لەناو گەڕەكەكانی ئەو شارەكە، چەندان بارەگا و بنكەی حزبەكانی رۆژهەڵات هەن.