ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق یاداشتێك بەرز دەكەنەوە و داوای قەرەبوو و دابینكردنی زەوی بۆ زیانمەند و قوربانیانی شەڕی ئێستە نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكەن، پەرلەمانتارێكی كورد /پارتی/ لە بەغدا یاداشتەكەی واژوو كردووە و ناوی پێشمەرگەی نووسیوە.
یاداشتەكە لەلایەن كۆمەڵێك پەرلەمانتارەوە پێشكەش كراوە و پەرلەمانی عێراق پەسندی كردووە، حكوومەتی عێراق ناچار دەكات بە قەرەبووكردنەوە و دابینكردنی زەوی بۆ قوربانیان.
لەناو پەرلەمانتارەكاندا، ئاڤێستا مام یەحیا پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق واژووی كردووە و لە تەنیشتی واژووەكەیشی نووسیویەتی، قەرەبووەكە هێزی پێشمەرگە و قوربانیان كوردستان بگرێـتەوە.
یاداشتەكە كە پەرلەمان پەسندی كردووە، حكوومەت ناچار دەكات بە قەرەبووكردنەوەی قوربانیان بە تەرخانكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدان.
وەك لە یاداشتەكەدا نووسراوە، قەرەبووكردنەوەكە تەنیا هێزە تەناهییەكان ناگرێتەوە، بەڵكو خەڵكی سڤیلیش دەگرێتەوە كە بەهۆی ئەو شەڕەوە بوون بە قوربانی.
جێی ئاماژەیە كە بەهۆی ئەو شەڕەوە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان لە كوردستان زیانمەند بوون، جیا لەوەی شەش پێشمەرگە شەهید بوون و پاسەوانێكی تری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش لە سەرەتای شەرەكەدا بووە قوربانی.