مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گوندی زورگەزراو، ئامادەی ڕێورەسمی پرسەی هەردوو شەهید "مووسا ئەنوەر" و "موژدە ئەسعەد" بوو كە ئەمڕۆ لەئەنجامی هێرشێكی درۆنی ئێراندا شەهید بوون.
سەرۆكی حكوومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بە بنەماڵە و كەسوكاری هەردوو شەهیدەكە گەیاند.
سەرۆكی حكوومەت لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، جارێكی تریش بێ پاساو هێرش كرایە سەر خەڵكی بێ تاوانی كوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون كە جێی داخی هەموو لایەكمانە، سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین.
سەرۆكی حكومەت دووپاتیشی كردەوە ئەمە چەندان جارە بەبێ هۆ و پاساو هێرش دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەكەمان سوور بێت دوور یان نزیك بە سزای خۆی دەگات، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی شەهیدانمان بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەكەمان، هەروەها لە پاراستنی خاك و وڵاتمان بەردەوام دەبین.سوپاسی پشوودرێژی و پشتیوانیی خەڵكی كوردستان دەكەین و هیوادارین ئەم شەڕ و گرژی و ناخۆشییە كۆتایی بێت و خەڵكی ئێمە بە ئاواتی دێرینی خۆی بگات.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دا كە بە داخەوە حكوومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەناوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە بەرپرسیاریەتی گەورە دەكەوێتە سەر شانی حكوومەتی فیدراڵ بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە.