"كەمبوونەوەی هەناردەی غازی کۆرمۆر بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا"

:: PM:08:37:07/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسانی 2026، وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری کوژانەوەی گشتی و کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانیی ڕوون کردەوە و ئاماژەی بە کەمبوونەوەی هەناردەی غازی کێڵگەی کۆرمۆر کرد.

لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبادا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەعات 12:40، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کوژانەوەی گشتی لە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕووی دا.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە تیمەکانی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا بە خێرایی بەدەم کێشەکەوە چوون و توانییان لە ماوەی سێ سەعاتدا کێشە تەکنیکییەکە چارەسەر بکەن.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا خراوەتە ڕوو کە دوای چارەسەرکردنی کێشەکە، بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، لە ئێستەدا بەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە نوێیە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵە تاوەکوو هەرچی زووە گرفتەکە چارەسەر بکرێت و دۆخی پێدانی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود