دوای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە.
محەمەد حاجی مەحموود لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی، "دوای نزیكەی 40 رۆژ لە جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی سەخت، دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمەریكا ناچار بوو بەناوەندگیری شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان، پڕۆژە 10 خاڵییەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵ بكات".
ئاماژەی بەوە كرد، "سەعاتێك بەر لەو وادەیەی ترەمپ دیاری كردبوو، جەنگەگە بۆ ماوەی دوو هەفتە رابگرێت و هەینی داهاتووش كۆبوونەوەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریكا لە پاكستان بەڕێوە بچێت".
دەشڵێت، "لە بەرانبەردا بۆ پێشاندانی نیازپاكی و وەڵامی پێشنیارەكانی حكوومەتی ئیسلام ئاباد، تاران بڕیاری دا لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیە و لە ژێر چاودێریی خۆی ڕێگە بە كەشتییەكان بدات بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن".