كەشناسیی هەرێم: بارانبارین بەردەوام دەبێت

:: AM:11:36:08/04/2026 ‌
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دەكات، شەپۆلێكی بارانبارین ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

بەپێی پێشبینییەكانی وەزارەتەكە بۆ ئەمڕۆ چوارشەم 8-4-2026، ئاسمانی هەرێمی كوردستان نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەكان هەوری زیاتر دەبێت. ئەگەری بارانبارین لە ناوچەی جیاجیا بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكان هەیە بەشێوەی گەواڵە بارانی لە ناكاو كە هەندێك كات هەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت.

لە دوای نیوەڕۆ، پێشبینی نمەبارانی كەم بۆ سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە دەكرێت، بەڵام لە شەودا كەشەكە تا ئاستێك سەقامگیر دەبێت. خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 كیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێكدا و مەودای بینین هەشت بۆ 10 كیلۆمەتر دەبێت.

پلەكانی گەرما بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبن: هەولێر 19، پیرمام 15، سۆران 17، حاجی ئۆمەران 12، سلێمانی 18، چەمچەماڵ 19، دهۆك 19، زاخۆ 20، هەڵەبجە 20، گەرمیان 23 پلەی سیلیزی.

بۆ سبەی پێنجشەم 9-4-2026، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت. پێشبینی بارانی بەهاری و گەواڵە بارانی كورتخایەن دەكرێت. لە سنووری پارێزگای دهۆك، ئیدارەی زاخۆ، بەشێك لە پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سۆران، ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەكانی سلێمانی، هەندێك كات بارانبارینی مامناوەند دەبێت و لە هەندێك ناوچەش ئەگەری لێزمەباران و هەورەتریشقە هەیە. خێرایی با 10 بۆ 20 كیلۆمەتر دەبێت و مەودای بینین بۆ 7 تا 9 كیلۆمەتر كەم دەبێتەوە.

پلەكانی گەرما بۆ سبەی كەمێك بەرز دەبنەوە بەم شێوەیە: هەولێر 20، پیرمام 16، سۆران 18، حاجی ئۆمەران 13، سلێمانی 19، چەمچەماڵ 20، دهۆك 20، زاخۆ 20، هەڵەبجە 21، گەرمیان 24 پلەی سیلیزی.









وشە - سۆران عەزیز