23 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس تێدەپەڕێت

:: AM:09:00:09/04/2026 ‌
23 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس تێدەپەڕێت، دوای 23 ساڵ هێشتا شوێنپەنجەی تاوانەكانی ئەو ڕژێمە بەسەر خەڵكی  كوردستانەوە ماوە. ئەگەرچی دوای پرۆسەی ئازادی لە 2003دا، بەڵێن درا ئەو برینانەی كورد ساڕێژ بكرێت، بەڵام هیچ لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەكران.

ماوەی دەسەڵاتداریی حزبی بەعس لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1968 تا 2003. لە سەرەتادا دۆخی عێراق بە بەرزبوونەوەیەكی ئابووری و گەشەپێدانێكی زۆرەوە دەستی پێ كرد، بەڵام هەرزوو كۆتایی هات، عێراق لە سەردەمی بەعسدا ڕووبەڕووی تەنگژەی كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی گەورە بووەوە. تێكڕای داهاتی ساڵانە كەمی كرد بەهۆی چەندان هۆكاری دەرەكی و سیاسەتی ناوخۆیی ڕژێمەكەوە.

 رژێمی بەعس لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا، چەندان تاوانی وەك ئەنفال و كیمابارانكردن و وێرانكردنی گوندەكانی لە كوردستان ئەنجام دا، لە دوای 2003وە وێڕای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكان و پەرلەمانی عێراق، تاوانەكانی رژێمی لەناوچوویان بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستە خەڵك و هەرێمی كوردستان قەرەبووی زیانەكانیان نەكراونەتەوە.

تاوانەكانی ڕژێمی بەعس دژ بە گەلی كوردستان، بریتین لە قۆناغەكانی ئەنفال كە رژێمی بەعس لە رێگەی هەشت قۆناغی یەك لەدوای یەك لە 22ـی شوباتی ساڵی 1988 دەستی پێ كرد،  لە شەشـی كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا هەر هەشت قۆناغی جێبەجێ كرد كە زیاتر لە 182 هەزار لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر و پەككەوتەی كوردی زیندەبەچاڵ كرد.

هەروەها لە 16ـی ئاداری ساڵی 1988دا حكوومەتی بەعس هەڵەبجەی كیمیاباران كرد كە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار كەس شەهید بوون.

رژێمی بەعس لەو ماوەیەدا هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان كەنیسەی كوردستانی خاپوور كرد، رەز و باخ و كێڵگەكانی جووتیارانی سووتاند و كانیاوەكانی تەقاندەوە و بنەماكانی ژیانی لەناو برد، لە دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس، هیچ كام لە حكوومەتەكانی عێراق پابەندی قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی خەڵكی كوردستان نەبوون.

هەروەها 50 ساڵ لەمەوبەر، رژێمی بەعس بڕیارنامەی 795ـی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش و بڕیاری ژمارە 358ـی لە ساڵی 1978 دەركرد، بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی بە عەرەبكردن لە پارێزگاكانی كەركووك و چەند ناوچەیەكی كوردنشین لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بە سەتان هەزار خێزانی كورد ناچار بە دەرپەڕاندن كرد و هاووڵاتییانی عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ كران. دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، هاوكات جێگیركردنی مادەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا كە بەگوێرەی یاساكە، دەبێت ئاوارەكانی كورد بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان و بڕیاری پێدانەوەی موڵكەكانیان دەربكرێت، لە قۆناغی كۆتاییدا ریفراندۆم لەسەر یەكلاكردنەوەی كێشەی ئیداری و سیاسی ئەو ناوچانە لە نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە وێڕای ئەوەی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق پابەندی چارەسەری دەستووری نەبوون، هاوكات درێژەیان بە سیاسەتی تەعریبكردن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دا.

لە بەرەبەیانی 20ی ئاداری 2003، ئەمەریكا و هاوپەیمانانی یەكەم گورزی ئاسمانییان لە عێراق وەشاند بەمەبەستی لەناوبردنی رژێمی بەعس، لە نۆی نیسانی هەمان ساڵ و دوای تێپەڕبوونی 22 رۆژ، بەغدا لەلایەن هاوپەیمانان بەتەواوی كۆنترۆڵ كرا و پەیكەری سەدام حوسێن لە پایتەختی عێراق رووخێنرا.

نۆی نیسان هاوكاتە لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی بەغدای پایتەخت لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان، دوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەكانی "حرس جمهوری و فدائیون صدام"، دوای ئەوەش پەیكەری سەدام لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا لەلایەن خەڵك بە هاوكاری هێزەكانی ئەمەریكا رووخێنرا، عێراق كەوتە دەست هێزەكانی هاوپەیمانانەوە.



وشە - رامیار جەواد