نرخی خۆراك دادەبەزێتەوە

:: PM:12:11:09/04/2026 ‌
بەهۆی كردنەوەی سەرجەم دەروازەكان و دەستپێكردنەوەی گەشتی فڕۆكەخانەكان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، جارێكی تر نرخی كەلوپەلی خۆراك روو لە نزمبوونەوە دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، عەلی شێروانی بازرگانی كەلوپەلی خۆراك و خاوەن زنجیرە ماركێت، بە "وشە"ـی راگەیاند، كردنەوەی سەرجەم دەروازە بازرگانییەكان و كردنەوەی گەشتی ئاسمانی، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كەلوپەلی خۆراك دەبێت.

زیاتر گوتی، بەهۆی شەڕەوە بەربەستی زۆر دروست بووبوو، بۆ نموونە بۆ كیسێك برنجی 25 كیلۆیی 11 هەزار دینار گران بووبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی كەلوپەلی نوێ‌، راستەوخۆ دەست بە دابەزینی دەكاتەوە.

باسی لەوەش كرد، هۆكارێكی تری دابەزینی كەلوپەلی خۆراك، بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسكۆدا، كارئاسانی زۆر بۆ بازرگانان دەكات، ئەگەر دۆلاریش بە نرخی بانكی ناوەندی پێمان بدرێت، بێگومان هێشتا لە نرخی پێش شەڕ كەلوپەلی خۆراك زیاتر دادەبەزێت.

ئەوە لە كاتێكدایە بەهۆی 39 ڕۆژی جەنگ، تەواوی كەلوپەلی خۆراك گران بووبوو، ئەمەیش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە.



وشە - رامیار جەواد