هەندێك پەیج و ماڵپەڕی نزیك لە یەكێتی و لاهوور شێخ جەنگی، هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، چەند كەسێك لە گیراوانی لالەزار ئازاد كراون. "وشە" بەداواداچوونی كرد و دەركەوت، لە ژێر گوشاری دەرەكی و بە مەرجی سوێندخواردن، ئەو چەند كەسە لە گرتووخانە هاتوونەتە دەرەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" كە قسەی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی ناو بەرەی گەل كردووە، ئاشكرا بوو كە ئەوانەی ئازاد كراون، تەنیا دوو كەسیان نزیكی لاهوور شێخ جەنگی بوون لە ماوەی رابردوودا، چەند كەسێكی تریش كە هەڕەمەكی لە شەوی هێرشەكەی سەر لالەزار گیرابوون، هەر ئەمڕۆ ئازاد كراون.
سەرچاوەكە مەرجی ئازادكردنەكەیانی ئاشكرا كرد و گوتی، جیا لەوەی گوشاری دەرەكی و ناوخۆیی هەبووە تا ئەو كەسانە ئازاد بكرێن، بەڵام ئەوانە كە ئازاد كراون، بەڵێننامەیان پێ پڕ كراوەتەوە و سوێند دراون، چیتر كاری سیاسی نەكەن و لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبن لە دەرەوەی یەكێتی.
هێشتا زیاتر لە 100 كەس ماون لە گرتووخانەكانی یەكێتی كە ئازاد بكرێن، كاتێك شەوی 22ی ئاب، یەكێتی بەهێرشكردنە سەر هوتێل لەلازار و رووبەڕووبوونەوەی چەكداری بۆ ماوەی دوو سەعات زیاتر گرتوونی.
ئەوانە بەشێكیان لە گرتووخانەی ئاسایش و بەشێكی تریش لە كانی گۆمە بوون، بەڵام گوشاری ناوخۆ ئەوەبوو كە كەسوكاری گیراوان لە چەند ڕۆژی رابردوودا، خۆپێشاندانیان لە بەردەم ئاسایشی سلێمانی كرد تا ئازاد بكرێن.