وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی ئازاری ڕاگەیاند

:: PM:07:23:09/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕاگەیاند و هاوكات لەبارەی دابەشكردنی كاتی پارەكەیشەوە ئاگاداری فەرمانبەران كراوەتەوە كە دوای دەوامی فەرمی سەندانی بانكەكان بكەن بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان. 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی کە بڵاو کراوەتەوە و دەست "وشە" کەوتووە، ڕۆژی یەکشەم 12ی نیسانی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، پڕۆسەکەش بە خێرایی بەڕێوە دەچێت و لە ڕۆژی سێشەم 14ی نیسانی 2026، کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەم لە کاتی دەوامی فەرمی و دواتر گواستنەوەی پارەکە بۆ سەرجەم بانکەکانی ناو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاتی دەوێت، وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکات کە تەنیا لە دوای سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان بەپێی ئەو خشتەیەی ڕاگەیەنراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود