وەزارەتی ناوخۆ: تیرۆریستان و خراپەکاران لە نانەوەی پشێوی بەردەوامن

:: PM:12:43:10/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیری بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی، هەروەها سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، شەوی پێنجشەم نۆی نیسانی 2026 و لە چەند کاتێکی جیاوازدا، چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر چەند شوێنێکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئەنجامدا تێکشکێنراون و کەوتوونەتە خوارەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆریستان و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایەت، لە نانەوەی پشێوی بەردەوامن.

لە کۆتاییدا وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی لە پشتگیریکردنی ئاشتی و ئۆقرەیی کردەوە و داوای لە هەموو لایەک کرد کە ئەو هێرشانە ڕابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەییی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان نەکەنە ئامانج.


وشە - پۆڵا مەحموود