هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان سەبارەت بە ئاگربەست راگەیەندراوێكیان بڵاو كردەوە

:: PM:06:25:10/04/2026 ‌
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیەندراوێكیان بڵاو كردەوە و دەڵێن، بەرپابوونی شەڕ و تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاستە تێكدەرانەكانی كۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەكی ناوكی، دەستوەردان لە كاروباری وڵاتان، پەیڕەوكردنی سیاسەتی بەنێو هە‌ناردەكردنی شۆڕشی  ئیسلامی، پشتیوانیكردنی تیرۆریزم و پەرەپێدانی بەرنامەی موشەكی و درۆن، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری بردووە.

ئەمڕۆ هەینی 10ـی نیسان، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە ئاگربەست رایان گەیاند، لە كاتێكدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی 39 ڕۆژ لە نێو ئاگری شەڕێكی قورسدابوو، ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر زەبری هێرشە توند و ڕاستەوخۆوەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دابوو، سەرەنجام ڕۆژی سێشەم لە ئاكامی تەسلیمبوونی ڕژیمی ئێران بە ئۆڵتیماتۆمی سەرۆكی ئەمەریكا (كە ئەگەر گەرووی هورمز نەكاتەوە ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین)، ملی بە ئاگربەست دا.

دەشڵێن، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان، وێڕای چاودێریكردنی وردی بارودۆخەكە، ڕوانگەی خۆی لەم چەند تەوەرەدا دەخاتە ڕوو بەرپابوونی شەڕ و تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاستە تێكدەرانەكانی كۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەكی ناوكی، دەستوەردان لە كاروباری وڵاتان، پەیڕەوكردنی سیاسەتی بەنێو هە‌ناردەكردنی شۆڕشی  ئیسلامی، پشتیوانیكردنی تیرۆریزم و پەرەپێدانی بەرنامەی موشەكی و درۆن، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری بردووە. ئەم جەنگە بووەتە هۆی زیان گەیاندنی زۆر بە هاووڵاتیان و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان.

ئاماژە بەوەش دەكەن، پێشوازی لە هەر هەنگاوێك دەكرێت كە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل، بەڵام هۆشداری دەدرێت كە ئاگربەست نابێت ببێتە دەرفەتێكی تاكتیكی بۆ ڕژیم تا وەك جارەكانی پێشوو بۆ خۆڕێكخستنەوە و نزیكبوونەوە لە چەكی ئەتۆمی كەڵكی لێ وەربگرێت. 

ئەو هێزانە باس لەوەش دەكەن، ئاگربەست تەنیا كاتێك مانای دەبێت كە ببێتە سەرەتایەك بۆ كۆتاییهێنانی یەكجاریی بە دەستوەردانی سەربازی، هەواڵگری، ڕێكخستن و ئاراستەكردنی ڕژیم، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بنەڕەتیی بەرنامە ئەتۆمی و موشەكییەكان، هەروەها پابەندبوون بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و داننان بە مافە ڕەواكانی نەتەوەكانی ناو ئێران، بەتایبەت مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكە دەڵێن، ئەزموونی 47 ساڵەی تەمەنی كۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی داوە كە ئەم ڕژیمە چاكسازی تێدا ناكرێت و تەنیا بە گۆڕانكاریی بنەڕەتی و دیموكراسی ئارامی بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە. 



وشە - رامیار جەواد