لە عێراق كارمەندی پەرلەمان وەك پەرلەمانتار بۆ تەواوكردنی رێژە ژمێردراوە

:: PM:02:51:11/04/2026 ‌
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، فێڵێك ئاشكرا بوو كە كارمەندی پەرلەمانی عێراق كاتێك لەناو هۆڵەكەدا بوون وەك پەرلەمانتار ژمێردراون تا بگوترێ‌ كە رێژەی یاسایی كۆبوونەوەكە تەواوە. 

ئیخڵاس دلێمی پەرلەمانتاری عێراق ئەوەی ئاشكرا كرد و دەڵێ‌، خۆم بژاردوومە و بە ڤیدیۆش تۆمارم كردووە، تەنیا 185 پەرلەمانتار لە دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق بوون، ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە و ناڕەزایەتیم دەربڕی.

ئەو دەڵێ‌، كورسییەكان بەتاڵ بوو، بۆیە لە ڕووی شەرعییەوە دەبێ سەرووی 220 پەرلەمانتار لە ژوورەوە بێت، بۆیە ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە، بەڵام ئەم دانیشتنە یاسایی و دەستووری نییە.

لەلایەكی ترەوە شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق دووپاتی لەوە كردەوە كە لەكاتی كۆبوونەوەكەدا كارمەندەكانی پەرلەمان كە خەریكی رێكخستنی هۆڵی كۆبوونەوە بوون ژمێردراون و وەك پەرلەمانتار حسابیان بۆ كراوە تا بڵێن رێژەی بەشداری بۆ كۆبوونەوەكە تەواوە.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە 16 كەس كێبڕكێ‌ لەسەر ئەو پۆستە دەكەن. 



وشە - وشه‌