سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە لانكەی پارێزراوی هەموو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی نیسان، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە بۆنەی هەڵبژاردنیەوە وەك پاتریاركی نوێی كەنیسەی كلدانی لە جیهان، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی پاتریارك مار پۆڵسی سێیەم نۆنا دەكەم. هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم لەم ئەركە پیرۆزە و لە خزمەتكردنی كەنیسە و پێڕەوانی كەنیسەی كلدانیدا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، جەنابیان كەسایەتییەكی ئاینیی ناسراو و خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندن، هیوادارین هەڵبژاردنیان ببێتە مایەی خێر و قووڵكردنەوەی زیاتری گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردن لە نێوان هەموو پێكهاتەكاندا.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە لانكەی پارێزراوی هەموو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان دەمێنێتەوە، پشتیوانیی تەواوی هاووڵاتییانی مەسیحیمان دەبین لە پاراستنی ماف و ناسنامە و مێژووی ڕەسەنیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق.