لەسەر سكاڵایەكی كۆمەڵی دادگەری، مەلا جێگر مێردێرەیی لە سنووری راپەڕین گیرا، ئەوەیش دوای ئەوەی كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رەخنەی لەو حزبە گرتبوو.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ی نیسان، سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، مەلا جێگر مێدێرەیی لەسەر سكاڵایەكی كۆمەڵی دادگەری گیراوە، چونكە لە فەیسبووكەوە رەخنەی لەو حزبە گرتوو.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، رەخنەكانی ئەو مامۆستا ئاینییە لە كۆمەڵ ئەوە بووە كە پێشمەرگەكانی كوردستان بە شەهید ناو نابەن، لە كاتێكدا دەیان كەسی تر لە شوێنی تر دەمرن، كۆمەڵ وەك شەهید ناویان دەهێنێ.
جیا لەوەیش ئەو مەلایە پۆستێكی لە فەیسبووكی خۆی بڵاو كردووەتەوە و بە چەندان خاڵ رەخنەی لەو حزبە گرتووە، و نووسیویەتی، بۆچی حزبی كۆمەڵ تا ئێستە ناتوانێ شۆربا بخوات؟ كاتێك دوای 20 ساڵ هێشتا حزبەكە شیرەخۆرەیە.
هەروەها نووسیبووی، كۆمەڵ هەڵگری هیچ پڕۆژەیەك نییە تا خەڵك هیوای لەسەر هەڵچنێت، نە پڕۆژەی دینی نە دنیایی.