شاندێكی حكوومەت، پیرۆزبایی سەرۆكی حكوومەت دەگەیەننە مەترانی سریان ئەرتۆدۆكس و دووپات لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان دەكەنەوە.
بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی جەژن، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە عەنكاوە سەردانی "مەتران نیقۆدیمۆس داود مەتی شەرەف" سەرۆكی ئیبارشیەی كوردستان و مووسڵی سریان ئەرتادۆكسیان كرد.
لە دیدارەكەدا، پیرۆزبایی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بەبۆنەی "جەژنی گەورە" گەیاندە مەتران و خوشك و برایانی كریستیان. دووپاتیان لەوەكردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شانازی و بایەخێكی گەورەوە دەڕوانێتە كولتووری پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمدا و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئەم سەقامگیرییە.
مەتران نیقۆدیمۆس و ئامادەبووان، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پەیامی سەرۆكی حكوومەت، ستایشی ئەو ئارامی، ئاوەدانی و ئازادییە ئاینییەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا بەرجەستە بووە و ئاماژەیان بەوە كرد، مێژووی پێكەوەژیان لە كوردستاندا نموونەیەكی جوان و دەگمەنە لەسەر ئاستی جیهان و جێگەی شانازی هەموو پێكهاتەكانە.