لە یادی تاوانی ئەنفالدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، "بەخەمێكی قووڵ و بەبیرهێنانەوەیەكی پڕ لە ئازارەوە، یادی 38 ساڵەی ئەو تاوانە ڕەگەزپەرستانە دەكەینەوە كە لەلایەن ڕژێمی دیكتاتۆری لەناوچوو و باندە تاوانكارییەكانیەوە، دژ بەڕۆڵەكانی گەلی كوردمان لە شاڵاوە دڕندەكانی ئەنفالدا ئەنجام دران".
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران لە پەیامەكەیدا نووسیویەتی، "لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و پێش زیاتر لە سێ دەیە، گەلی كوردی ئاشتیخوازمان لە شار و شارۆچكە و گوندەكان ڕووبەڕووی قێزەونترین شێوەی كوشتن و ئەشكەنجە بوونەوە، بەدەر لە هەموو بەها و داونەریت و یاساكان".
دەشڵێت، "هاوكات لەگەڵ یادكردنەوەی ئەم شاڵاوە تاوانكارییە لە دژی ڕۆڵەكانی گەلی كوردمان، ئەمڕۆ شانازی بەیەكڕیزیی وڵاتەكەمان و برایەتیی پێكهاتە و نەتەوە هەمەچەشنەكانیەوە دەكەین، لە چوارچێوەی سیستمێكی دیموكراسی و دەستووری و فرەییدا، كە هەموو عێراقییەكان بە شكۆمەندی و ئازادی و بەبێ هیچ جیاوازی و بەئامانجگرتنێك لە سایەیدا دەژین".
لە كۆتاییشدا دەڵێت، "دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی عێراق و شەرمەزاری و ڕووڕەشی بۆ ستەمكاران و تاوانباران و بكوژان".
ئەوە لە كاتێكدایە كوردستانیان پێیان وایە كە سەرۆك وەزیرانەكانی عێراقی دوای بەعس، بەرانبەر ئەو تاوانانەی دژی كورد ئەنجام دراون هیچ كارێكیان نەكردووە، بەڵكو تەنیا لە كاتی یادەكاندا هاوخەمییەكی سادە بڵاو دەكەنەوە.
حكوومەتی نوێی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، ئەركی كۆتاهێنان بوو بەو برینانەی كە 100 ساڵە لەناو جەستەی كورددا دروست كراوە، بەڵام ئەوانیش بەشێوەیەكی نوێ بەردەوام برینی نوێ دەكەنە ناو گیانی كوردەوە لە كوردستان.