ئەمڕۆ هەولێر و بەغدا بڕیار دەدەن

:: AM:09:44:15/04/2026 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی تەكنیكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر وەرگرتنی رێژەی گەنمی جووتیاران دەدەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی نیسان، بەشدار عاڵایی ئەندامی كۆمەڵەی جووتیارانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ بڕیار لەسەر شێوازی وەرگرتنی گەنم و رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان دەدرێت.

زیاتر گوتی، لیژنەی هاوئاهەنگی و تەكنیكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق، تایبەت بە بابەتی دیاریكردن و وەرگرتنەوە و بەبازاڕكردنی بەشی شایستەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بڕیاری خۆیان رادەگەیەنن.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی داوە ئەمساڵ وەرگرتنی بڕی گەنم زیاد بكرێت، لە هەمان كاتدا كاتی بە بازاڕكردنیش لە هەرێمی كوردستان كاتەكەی زیاد بكرێت، چونكە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق جیاوازە.

ئەوە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن تۆن گەنمی دەبێت عێراق ساڵانە نزكەی نیوەی ئەو بڕە وەردەگرێت، بەڵام حكوومەت بۆ كارئاسانی و نەفەوتانی رەنجی جووتیاران بڕیاری داوە كە ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە لە جووتیاران بكڕێت ئەوەیش لەرێی دوو كۆمپانیا.





وشە - رامیار جەواد