پێشبینی دەكرێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگار بكرێت و توركمانێك دەكرێت بە پارێزگاری شارەكە، ئەوەیش لە بەرانبەر تەواوكردنی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان یەكێتی و توركمان و عەرەب هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی نیسان، بەپێی زانیارییەكان لە ئیدارەی كەركووك و ناو لایەنە پێوەندیدارەكان دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژە بەوە دەكەن، پۆستی پارێزگار لە داهاتوویەكی نزیكدا دەدرێتە بەرەی توركمانی و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاریی تەواو كراوە.
ئەوەیش زانراوە سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەشێك لە لایەنە عەرەبییەكان، بەڵام محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم، لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنە هەرێمییەكاندا، بەڵێنی بە وڵاتێكی ناوچەكە داوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم هەنگاوە، پشتگیریی لە بەرەی توركمانی بكات.
ئەم سازشەی یەكێتی بە خۆكوژیی سیاسی دەزانرێت و ڕادەستكردنی باڵاترین پۆستی كارگێڕیی شارەكە كە دوو كورسیی هەیە، وەك لێدانێك لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن و شكاندنی ئیرادەی دەنگدەری كورد دەبینرێت.
ئەم گۆڕانكارییە نەك هەر پێگەی جەماوەریی لایەنە كوردییەكان دەخاتە ژێر پرسیار، بەڵكو مەترسییەكی گەورە لەسەر داهاتووی سیاسیی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان دروست دەكات، رەنگە بۆ تاهەتایە لەسەر دەستی یەكێتی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری شارەكە كرایە خەون.
جێگەی باسە كورد خاوەنی حەوت كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایە و توركمان خاوەنی تەنیا دوو كورسییە.