قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە كەلار و هەولێر و سلێمانی و سەیدسادق و عەرەبەت گردبوونەوە، ناڕازین لەوەی بەو كاتە كەمە ئەو هەموو وانەیە تەواو بكرێت و داوای درێژكردنەوەی كات دەكەن.
ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی كەلار و سلێمانی و سەیدسادق و عەرەبەت، ئەمڕۆ چوارشەم 15.4.2026 لە گردبوونەوەكە بەشدار بوون، ئەوان داوا دەكەن وانەی كوردی و عەرەبی ئارەزوومەندانە بێت كە مەنهەجی خوێندن كەم ناكرێتەوە، وادەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان درێژ بكرێتەوە.
بەگوتە ئەو قوتابیانە پەروەردە فشار لە مامۆستایان و قوتابیان دەكات مەنهەج تەواو بكەن، ئەمەش ناكرێت، چونكە كاتێكی كەم ماوە بۆ تاقیكردنەوە. "ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێت، لە گردبوونەوە و خۆپێشاندان بەردەوام دەبن".
قوتابیانی پۆلی 12 ماوەیەكە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان گردبوونەوەیان دەست پێ كردووە، داواكاریی سەرەكییان ئەوەیە وادەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی درێژ بكرێتەوە و كاتێكی باشتریان پێ بدەن، هەروەها وانەكانی كوردی و عەرەبی بكرێن بە ئارەزوومەندانە، بە مانای ئەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەی ئەم دوو وانەیە لە كۆنمرەی كۆتایی هەژمار نەكرێن.
هاوكات هەر ئەمڕۆ لە هەولێر ژمارەیەك لە قوتابیان گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا، تێیدا كۆمەڵێك داواكارییان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كرد، سەرەكیترینیان درێژكردنەوەی وادەی تاقیكردنەوەكان و كەمكردنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن بوو.
قوتابییە بەشدارەكانی گردبوونەوەكە ئاماژەیان بەوە كرد، قەبارەی مەنهەجە دیاریكراوەكان زۆرە و ئەو كاتەی لە بەردەستیاندایە بەشی خوێندن و پێداچوونەوەی تەواو ناكات، بۆیە داوا دەكەن وادەی تاقیكردنەوەكان بۆ كاتێكی درەنگتر دوا بخرێت و هاوكات بەشێك لە مەنهەجەكانیشیان بۆ كەم بكرێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە لەمبارەیەوە رای گەیاند، ئاگاداری پێشنیاز و داواكارییەكانی قوتابیانین و ئامادەییمان تێدایە وادەی تاقیكردنەوەكان درێژ بكەینەوە، بەڵام پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر تاقیكردنەوەكان دوا بخرێن، ئەوا وادەكەی دەكەوێتە ناو گەرمای هاوینەوە.