فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات

:: PM:05:30:15/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسانی 2026، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاند کە سبەی فراکسیۆنەکەیان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا ناکات کە تایبەتە بە گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری شارەکە.

حەسەن مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەیشی  گوت، بەیانی وەک پارتی بەشداری ناکەین لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ لادانی پارێزگاری کەرکووک.

ئەم هەڵوێستەی پارتی لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی پێنجشەم، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار بەڕێوە بچێت، کە تێیدا یەکێتی بۆ هەتاسەر ئەو پۆستەی وەک دیاری بەخشییە نەتەوەکانی تر. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی ڕێبوار تەها دەست لەکار بکێشێتەوە و دەنگ بە محەمەد سەمعان بدرێت وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک.

لە دوایین کۆبوونەوەشدا، یەکێتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە بەرانبەر بە دەستهەڵگرتن لە پۆستی پارێزگار، پۆستەکانی قایمقامی ناوەند، قایمقامی داقووق، فەرماندەی پۆلیس و جێگری پارێزگاری شارەکە وەربگرێت، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لە دوای لەدەستدانی پۆستی پارێزگار، بەڕاستی ئەو پۆستانە دەدرێن بە کورد یان نا.

جێی باسە، لە دوای ئەم ئاڵوگۆڕەی سبەی، لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا پۆستی پارێزگار لە تورکمانەوە بۆ عەرەب ئاڵوگۆڕ دەکرێت، کوردیش تەنیا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا وەردەگرێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود