پارتی: ئامادە نین ببینە بەشێک لە ڕێککەوتنی "ژوورە تاریکەکان"

:: PM:07:39:15/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڵوێستی فەرمیی خۆی سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەی سبەی پێنجشەم 16ی نیسانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ڕاگەیاند، و دووپاتی کردەوە کە ئامادە نین ببنە بەشێک لە هیچ ڕێککەوتنێک کە لە دەرەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی کەرکووک و لە "ژوورە تاریکەکاندا" ئەنجام درابێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین، ئەم بڕیارە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو درێژەپێدەری هەڵوێستە نەتەوەیی و نەگۆڕەکانی پارتیمانە، هاوشێوەی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید.

فراکسیۆنی پارتی دووپاتی لەوەش کردەوە کە بڕوای تەواویان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شەرعی، زیانێکی گەورە بە پێکەوەژیان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم بایکۆتە ڕەنگدانەوەی دووربینیی سیاسییانە و پابەندبوونە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، و دووپاتیشی کردەوە کە پارتی ئامادە نییە ببێتە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێنرێن.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی بدات و هەرگیز سازش لەسەر مافە ڕەواکان ناکات. وەرگرتنی پۆست و پلەکان بۆ ئێمە هیچ بایەخێکی نییە ئەگەر نرخەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت لە ئاست مافەکانی گەلەکەمان.

لە کۆتاییدا فراکسیۆنی پارتی دووپاتی کردەوە کە وەک چەتری کۆکەرەوەی گشت پێکهاتەکانی کەرکووک دەمێننەوە و تەنیا پشتگیری لەو جۆرە تەبایی و ڕێککەوتنانە دەکەن کە مافی هەمووان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەپارێزێت و کەرامەتی هاووڵاتییانی کەرکووک دەخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود