لە كاتێكدا ناڕەزایەتی لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركووك هەیە، یەكێتی بە وەرگرتنەوەی تەنیا یەك پۆست كە قایمقامی داقووقە، دڵنەوایی جەماوەرەكەی دەكات، بەڵام كورد لە 2017وە تا ئێستە زیاتر لە 122 پۆستی ئیداری و تەناهیی لە دەست داوە.
"وشە" بە دواداچوونی كرد، ئەگەر بڕیار بێت ڕێككەوتن جێبەجێ بكرێت بۆ ئیدارەدانی كەركووك، پێویستە یەكێتی بەرانبەر بە پۆستی پارێزگاری كەركووك، 122 پۆستی تری تەناهی و ئیداری لە شارەكەدا وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستە ئەو حزبە دڵخۆشە پێی، قایمقامی داقووقی هێناوەتە ئاستی پارێزگاری كەركووك.
باسی ژمارە دەكەین: تا ئێستە لە كۆی چوار شارۆچكەی كەركووك، پۆستی كورد لە قایمقامییەتییەكاندا سفرە و كەسی نییە، هەروەها ڕێژەی كورد لە پۆستە تەناهییەكاندا تەنیا 5%، لە كاتێكدا تەواوی پۆستە گرنگەكانی تر لای عەرەب و توركمانن. ئەوانە لێكەوتەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ن كە ئەو تەرازووە بەهیچ شتێك راست نەكرایەوە.
ئێستە جارێكی تر كە 16ی نیسانی 2026، یەكێتی بە جۆرێكی تر كەركووك دەفرۆشێ، رێككەوتنی كرد كە پۆستی پارێزگاری كەركووك / خەڵك و لایەنە سیاسییەكان رەتی دەكەنەوە/ بدرێت بە بەرەی توركمانی، ئەوە بۆ لایەنگرانی یەكێتیش لە شارەكەدا شۆك بوو.
بەگوێرەی پێكهاتەكانی كەركووك بێت، دەبێت كورد 50%ی پۆستە ئیداری و تەناهییەكانی لە دەست بێت، ئێستە كە یەكێتی كەركووك دەفرۆشێ، رێژەی كورد لە پۆستەكاندا نەگەیشتووە بە 20%، جا ئەوە لە كاتێكدایە هیچ پۆستێكی گرنگی وەك بەڕێوەبەری پۆلیس و جومگە ئیدارییە گرنگەكانی ئەو شارە لای كورد نییە.