راگەیەنراوێك لە گوتەبێژی پارتییەوە.. باسی دۆخی كەركووكە

:: PM:06:13:16/04/2026 ‌
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، دژی ئەو سەفەقاتانە بووین كە بەدەر لە نیازپاكی لە هۆتێل ڕەشید بەبێ بەشداری ئەو لایەنە سیاسییانە بوو كە نوێنەرایەتی خەڵكی خۆڕاگری كەركووكیان دەكرد.

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا دەڵێ‌، لەبارەى ئەو بارودۆخەی بۆ كەركووك هاتووەتە پێش، ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هەمیشە پاڵپشتی لە مافی پێكهاتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین، بەوپەڕی ڕاشكاوییەوە ڕای دەگەیەنین كە سەقامگیری و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان بەندە بە دابینكردنی مافە ڕەواكانی تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزاكان و بڕواشمان وایە كەركووك مەڵبەندی پێكەوەژیانی تەواوی پێكهاتەكانیەتی.

"هەڵوێستی پارتیمان ڕوون و ئاشكرایە و دژی ئەو سەفەقاتانە بووین كە بەدەر لە نیازپاكی لە هۆتێل ڕەشید بەبێ بەشداری لایەنە سیاسییەكانی كە نوێنەرایەتی خەڵكی خۆڕاگری كەركووكیان دەكرد، بەسەر ئەو شارە خۆشەویستەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەی ئێستەش لێكەوتە و درێژەپێدەری ئەو سەفەقاتانەیە!" گوتەبێژی پارتی وا دەڵێ‌.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە "ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان قوربانی زۆرمان لە پێناو كەركووك وەك نیشتمان و خەڵكە ئازیزەكەی داوە و هەموو هەڵوێست و هەوڵەكانمان بۆ سەربەرزی و بەختەوەرییان بووە، بۆیە لەگەڵ ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەدا دەبین كە بە هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی پێكهاتەكانەوە بدرێن".


وشە - وشه‌