سەردار عەبدوڵا: کەس ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت و لە خزمەتی شەهیدانداین

:: PM:09:12:16/04/2026 ‌
دوای ئەوەی غەزال مەولان پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ئەنجامی بۆردمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئۆردوگاکەیان لە سوورداش بەسەختی بریندار بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا، دوای گیانلەدەستدانیشی، سەردار عەبدوڵا سیاسەتوان و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە ماڵەکەی خۆی ڕێوڕەسمی شۆردن و کفنکردنی بۆ ئەنجام دا.

لە سەرەتای برینداربوونی ئەو پێشمەرگەیەوە، هیچ نەخۆشخانەیەکی سلێمانى ئامادە نەبوون چارەسەری پزیشکیی بۆ بکەن، هەروەها دوای شەهیدبوونیشی، هیچ مزگەوتێک ئامادە نەبووە تەرمەکەی وەربگرێت و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی بۆ جێبەجێ بکات. لە بەرانبەر ئەمەدا، سەردار عەبدوڵا هەڵوێستێکی نەتەوەیی پێشان دا و لە ماڵەکەی خۆیدا ئەو ئەرکەی جێبەجێ کرد.

سەردار عەبدوڵا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە" ڕای گەیاند، دوای ئەوەی زانیمان هیچ شوێنێک تەرمەکە وەرناگرێت، لە پزیشکی دادی (توب عەدلی)یەوە وەرمان گرت و بردمانە ماڵەکەی خۆمان، لەوێ شۆردمان و پاشان ناشتمان.

لەبارەی ئەو هەڵوێستەیەوە، سەردار عەبدوڵا دووپاتی کردەوە و گوتی، کەس ناتوانێت ئیرادەی ئێمە بشکێنێت، هەموومان لە خزمەتی شەهیدانی کوردستانین.


وشە - پۆڵا مەحموود