ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسانی 2026، لە پەیامێکی فەرمیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە کەیسی (غەزال مەولان) ڕاگەیاند، کە دوای برینداربوونی لە هێرشێکی درۆنی ئێراندا، بەهۆی وەرنەگرتنی لەلایەن نەخۆشخانەکانی سلێمانییەوە گیانی لەدەست دا.
لە پەیامەکەدا هاتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هێرشێکی درۆنی حکوومەتی ئێرانەوە لە سنووری شاری سلێمانی، کچێکی تەمەن 18 ساڵ بە ناوی غەزال مەولان بریندار دەبێت، دوای ڕووداوەکە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پێداویستیی چارەسەرکردن، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تری تایبەت. نەخۆشخانەی دووەمیش بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی چارەسەرکردنی برینداران و کارەساتی ڕووداوەکان لەلایەن پۆلیسەوە، وەریان نەگرتووە و چارەسەریان بۆ نەکردووە. پاشان براوەتە نەخۆشخانەیەکی تر، بەڵام بەداخەوە دواتر گیانی لەدەست داوە.
دەستەکە لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئێمە نیگەرانیی قووڵی خۆمان لەو ڕووداوە ڕادەگەیەنین کە بەرانبەر بەو مرۆڤە کراوە و چارەسەری بۆ نەکراوە، چونکە دەکرا ژیانی لە مردن ڕزگار بکرێت، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و چارەسەرنەکردنەوە ژیانی کۆتایی هات.
هەروەها دووپات لەوە کراوەتەوە کە چارەسەرکردنی نەخۆش و هەر کەسێک لە نەخۆشخانەکان، لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە و ناکرێت بە هیچ بیانوویەک پشتگوێ بخرێت یان کەمتەرخەمیی بەرانبەر بکرێت. ئەوەش خراوەتە ڕوو کە، بەداخەوە دوای دوو ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی، هێشتا هەواڵی ئەوە دەبیستین کە ڕێگە نەدرابوو لە ماڵەکانی خوداش کە مزگەوتە، ڕێوڕەسمی شۆردن و کفنکردنی بۆ بکرێت، کە ئەمە تەواو پێچەوانەی بنەما عورفی و ئاینییەکانە.
لە کۆتاییدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای دروستکردنی لیژنەیەکی باڵای کردووە لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، وەزارەتی تەندروستی و لایەنی تەناهی، بە چاودێریی دەستەکەیان، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕاستیی ڕووداوەکە، دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم، و ڕەوانەکردنی کەیسەکە بۆ لایەنی دادوەری و یاسایی، و دواتریش ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی.