چاودێرێكی سیاسیی: دەبێ پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركووك بۆ كورد بگەڕێنەوە

:: PM:05:30:18/04/2026 ‌
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە كە وەرەقەی فرۆشتنی كەركووك بەردەوام لە جانتاكەی بافڵ تاڵەبانییە و لە دانوستانەكاندا تاڵان فرۆشی دەكات، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە پۆستی پارێزگاری كەركووك و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد بگەڕێنێتەوە. 

لەماوەی هەفتەی رابردوودا یەكێتی دوو هەنگاوی نا، بەڵام هەردووکی لای خەڵكی كوردستان بە خیانەت لێكدەدرێتەوە، دانانی سەرۆك كۆمار بە دەنگی گرووپەكانی بەغدا كە بەردەوام دژی كوردن و هیچ كۆدەنگییەكی لەسەر نەبووە، لەگەڵ فرۆشتنی كەركووك و پێدانی پۆستی پارێزگار بە بەرەی توركمانی بە ڕێككەوتنی ژێربەژێر.
 
عەدنان محەمەد چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كاتێك كورد بە یەكەوە بووە توانیویەتی زۆر شت بگۆڕێت، شیعە و سوننە لەسەر پشكی خۆیان كۆدەنگی لەسەر دەكەن و لە ناوخۆیاندا یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام حزبێكی سیاسی كوردی مامەڵەی بازرگانی بە پۆستی پشكی كورد لە عێراق و ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی ئیدارەی كوردستان دەكات.

زیاتر گوتی، تا ئێستە كورد خێری نەبینیوە لە پۆستی سەرۆك كۆمار كە پارێزەری دەستوورە، نەیتوانیوە مافەكانی كورد بەگوێرەی دەستوور دەستەبەر بكات. 

هەروەك دووپاتی كردەوە، كێشەی سەركردایەتیی كورد لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراقی كەركووك بووە، ئەوە دەبینین چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە خەڵكی شیاو دیاری نەكراوە بۆ شوێنی شیاو.

ئاماژە بەوە دەكات، كەركووكییەكان لە ڕۆژانی 16ـی مانگەكان دەترسێن، لەو ڕۆژانە خیانەت دەكرێت و دەیان فرۆشن، خەڵكی كەركووك ئیتر لێیان قبوڵ ناكات، لە هەڵبژاردنی داهاتوو سزای توند دەدرێن، تەنانەت ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا سەر بە یەكێتی بە زۆر نێدرابوونە كۆبوونەوەی دیاریكردنی پارێزگارێكی توركمان. 

هەڵەبجە / عەزیز هەورامانی


وشە - وشه‌