ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان بڵاو كرایەوە

:: PM:06:01:18/04/2026 ‌
لە بەردەوامیی كارنامەكەیدا لە كۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆیەكی تێروتەسەلیان لەبارەی بەهێزكردنی هاریكاریی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و لەبارەى گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە. هەردوولا دووپاتیان لەسەر پابەندیی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی گەشەپێدان و پاراستنی سەقامگیری، لە ناوچەكەدا كردەوە.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، دووپات لە فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاكاندا كرایەوە و هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە دیالۆگ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەردۆغانی كرد بۆ سەركردایەتی و هەوڵە بەردەوامەكانی لەپێناو هێوركردنەوەی گرژییەكان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە.


وشە - وشه‌