ناڕەزایی و نیگەرانی خەڵكی كوردستان لە مامەڵەكردنی سلێمانی بۆ دۆسیەی غەزال مەولان بەردەوامە، لە كاتێكدا نە دەرگای هیچ نەخۆشخانەیەكی بۆ كرایەوە و نە دەرگای هیچ مزگەوتێكی شارەكە، ئێستەیش تەنانەت رێگری دەكرێت كە بۆ ڕێوڕەسم خەڵكی شارەكە سەردانی گۆڕەكەی بكەن.
غەزال مەولان پێشمەرگەیەكی كوردستان بوو، چەند رۆژێك لەمەوبەر بەهۆی هێرشی درۆنی ئێران شەهید كرا، ئەو بە برینداری گەیەنرایە چەند نەخۆشخانەیەكی شارەكە و ئامادەنەبوون چارەسەری بۆ بكەن، دوای گیان لە دەستدانیشی جیا لەوەی هیچ مزگەوتێك دەرگای بۆ نەكردووە، بە پشتی پیكاب رەوانەی گۆڕستان كرا.
ئەو هەڵوێستەی لە سلێمانی بەرانبەر كچە پێشمەرگەیەك رووی دا ناڕەزایی خەڵكی كوردستانی لێ كەوتەوە، ئەوەیش ئاشكرا بوو كە دەیان چالاك و نووسەری شارەكە كە رۆژ تا ئیوارە جنێو بە حكوومەت دەدەن، لە ترسی دەسەڵاتی سلێمانی ئامادە نەبوون رێوڕەسمێكی بۆ بكەن.
ئامانج عەلی خۆشناو چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، دۆسیەی شەهید غەزال مەولان نیگەرانی كردین كە بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ كرا و كەس نەبوو لە سلێمانی رێوڕەسم بۆ تەرمی شەهیدبوونی بكات.
ڕوونیشی كردەوە كە هەندێك لەو نووسەر و چالاكانەی سلێمانی كە رۆژ تا ئێوارە جنێو بە حكوومەت و رەخنە لە حوكمڕانیی كوردستان دەگرن، لەو شارەدا دەستەمۆ بوون، تەنیا بە بڕیاری حزب كاردەكەن و كڕدراون ئەگینا ئەگەر ئەوان لەسەر ئەو دۆسیەیە قسە نەكەن نابێت كەس قسەی تر بكات ئەگەر بەڕاستی وەك خۆیان دەڵێن سەربەخۆن.
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی، ئەو نووسەرە كڕاوانە ئێستە دەیانەوێ بیانوو بێننەوە كاتێك هەموو شتێك روون بووەوە و دەركەوت كە ئەوان دەستەمۆ كراون.