جەبار قادر نووسەر و مامۆستای زانكۆ، لە وتارێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركووكدا، توركمان خۆی بە قەرزاری عەرەب دەزانن نەك كورد.
ئەو نووسەرە وتارەكەی تایبەت كردووە بە رادەستكردنی پۆستی پارێزگاری كەركووك لەلایەن یەكێتییەوە، كە بە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر درا بە بەرەی توركمانی و ناڕەزایی جەماوەری كوردی لێ كەوتەوە. جەبار قادر نووسیویەتی، ئەم "بەخشندەییەی" یەكێتی لە سۆنگەی ئازادییەوە نەبووە، سەقامگیریی كەركووك بە ڕازیكردنی لایەنی دەرەكی و ڕێككەوتنی ژوورە تاریكەكان بەدی نایەت بەڵكو باجێكە كاتی خۆی بۆ دانانی ڕێبوار تەها لە پۆستەكەیدا گرتوویەتییە ئەستۆی خۆی و بەشێكە لەو زنجیرە هاوپەیمانییە سیاسییەی كە لەگەڵ خەزعەلی، كلدانی و حەلبووسی گرێی داوە و ئێستەش توركیای هاتووەتە سەر.
ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئەم هەنگاوەی یەكێتی دەبێتە هۆی لاوازكردنی پێگەی كورد بەگشتی و لە بەرانبەردا بەهێزكردنی بەرەی یەكگرتووی عەرەبی و توركمانی لە دژی كورد، چونكە توركمانەكان لەم "بەخششەدا" خۆیان بە قەرزاری عەرەب دەزانن نەك كورد كە هەوڵ دەدرێت كوردی پێ لە خشتە ببرێت.
دووپاتی كردووەتەوە كە بۆ كورد، ئەمە تەنیا ململانێ لەسەر پۆستێكی كارگێڕی نییە، كورد كە نیوەی دانیشتووانی كەركووك پێكدەهێنێت، دەیان ساڵە لەژێر هەڕەشەی بەعەرەبكردن و ڕاگواستندایە. ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، نابێت وەك ڕێكارێكی كارگێڕیی كاتی ببینرێت، بەڵكو بەشێكە لە پڕۆسەیەكی فراوانتر بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە كەركووك لەسەر حیسابی كورد.