لاهوور شێخ جەنگی: لە ئەمڕۆوە مان لە خواردن دەگرین

:: PM:10:15:19/04/2026 ‌
لاهوور شێخ جەنگی كە ئێستە لە زیندانەكانی یەكێتییە، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، لە ئەمڕۆوە مان لە خواردن دەگرن. 

لە پەیامەكەی لاهوور شێخ جەنگی كە لە واڵی فەیسبووكی دانراوە هاتووە، هەشت مانگە دوور لە هەموو عورفێكی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی كراوین.

"لەبەر ئەوەی دادگا رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێت تا ئێستە چاوەڕێمان كردووە، بەڵام دیارە گوشاری بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە دادگا و دامەزراوەكان رێگرە لەوەی دۆسیەی سیناریۆكانی خۆیشیان بچێتە دادگای تەمیز، بۆیە لەگەڵ پۆڵاد پێكەوە بڕیارمان داوە لە ئەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تا ئەو كاتەی سەروەری یاسا لە دۆسیەكەمان بەدی دەكەین" لاهوور شێخ جەنگی وای نووسیوە.

هەروەها نووسراوە، بۆ هەڵماڵینی سیناریۆكانی ئێوە جارێكی تر ئامادەین، سەركێشی بە ژیانی خۆمانەوە بكەین تا هەمووان بزانن كە ئێوە هیچ ڕۆڵێكتان بۆ دادگا و دامەزراوەكانی سلێمانی نەهێشتووەتەوە.

لاهوور شێخ جەنگی و براكەی و چەندان كەسی تر لە بەرەی گەل لە 22ی ئابی ساڵی رابردووەوە دوای شەڕێكی چەند سەعاتە و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چەكدارانی یەكێتی گیراون.


وشە - وشه‌