عەزیز رەئووف: ئەوەی بەرانبەر لاهوور شێخ جەنگی و برا و هاوڕێكانی دەكرێت غەدرێكی گەورەیە

:: AM:11:29:20/04/2026 ‌
نووسەرێكی دیاری سلێمانی رای گەیاند، ئەوەی بەرانبەر لاهووری شێخ جەنگی و برا و هاوڕێكانی دەكرێت، بە هەر پێوەرێك وەریبگرین غەدرێكی گەورەیە، ئەم كێشەیە لە ساڵی پارەوە پەڵەیەكی ڕەشە بە ڕووخساری بەرپرسانی هەرێم بە گشتی و سلێمانی بەتایبەتی.

عەزیز ڕەئووف كە یەكێكە لە نووسەرە دیارەكانی سلێمانی، لەبارەی كەیسی لاهور و هاوڕێكانی، گوتارێكی لە ژێر ناوی "كێشەی لاهوور وەك غەدرێكی گەورە" لە فەیسبووك بڵاو كردەوە.

عەزیز دەڵێت:  لە هەشتی تەمووزی 2021 لە كاتێكدا لاهووری شێخ جەنگی یەكەم دەنگی حزبەكەی بەدەست هێنا، بەڵام لە پارتەكە وەدەرنرا.

هاوكات دەبێژێت، لە 22ی ئابی ساڵی پار و یەكلاكردنەوەی كێشەكە بە هێزی چەكدار و هێرشكردنە سەر سەرچنار، ئاگربارانكردنی گەڕەكێكی نیشتەجێبوون و كوشتن و سووتانی گەنجی كورد لەو ئۆپراسیۆنە قێزەونەدا، غەدرێكی بەرچاو بوو كە لە مێژووی ئەم شارەدا وەك پەڵەیەكی ڕەش دەمێنێتەوە.

"گرتنی لاهوور و برا و هاوڕێكانی و دواخستی ئەم كەیسە و دەستی دەستیكردن بۆ ماوەی پێنج مانگ و 20 ڕۆژ، غەدرێكی گەورەیە و وەك چۆن لە 22ی ئابدا عەرزی عەزەڵات كرا و بە هەموو خەڵكی كوردستانتان گوت هێزمان هەیە و ئەمری تەقەشمان پێیە، ئاوا دەتانەوێ بەم دواخستن و دەستی دەستییە پەیام بە هەموومان بدەن كە خۆتان لە سەروو یاساوەن". نووسەر وادەڵێت.

بە بڕوای نووسەر ئەو بابەتەی لاهوور و هاوڕێكانی بە هەر پێودانگێك وەریبگرین، شەڕفرۆشتنێكی ئاشكرایە و پێویستە بە زوویی چارەسەر بكرێت.

لە كۆتاییدا عەزیز رەئووف دەڵێت، مانەوەی ئەم كێشەیە، وەك چۆن بەشێكی زۆر لە هێز و چاودێر و ڕۆشنبیرانی كوردستان و سلێمانی لە ئۆپراسیۆنەكەی سەرچناردا بێدەنگ بوون، ئاواش ئێستە بە ئەتككردنی یاسا لە شاری سلێمانیدا، پرسیار لەسەر دەسەڵات لە لایەك و لەسەر كۆی هێز و بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی ئەم شارە دروست دەكات.



وشە - سۆران عەزیز