لەبارەی هێرشكردنە سەر مزگەوتێك و دڕاندنی قورئان لەلایەن كەسێكەوە، یەكێتیی زانایانی كوردستان رای دەگەیەنێت، یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، سەركۆنەی كارەكە دەكات و داواش لە لایەنی پێوەندیدار دەكات كاری پێویست ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ دووشەم 20ـی نیسان، عەبدوڵا شێركاوەیی گوتەبێژی یەكێتیی زانایان، بە "وشە"ـی راگەیاند، نیگەرانین لەم كارە پڕ لە سووكایەتییەی بەرانبەر كتێبخانە و قورئان و كتێبە شەرعییەكان و مزگەوت و تەكیەی شیخ محەمەد پیرخدری لە هەولێر كراوە، سووكایەتی بەرانبەر مزگەوت و پیرۆزییەكان قبووڵكراو نییە، ئەمە دەستێكی تێكدەرانەیە و پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، بە توندی سەركۆنەی دەكەین.
زیاتر گوتی، داوا لە لایەنی پێوەندیدار دەكەین كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری ئەم كردە نادروست و ناڕەوایە.
لە 18ـی نیسان، كاری تێكدەرانە لە تەكیەی (شێخ محەمەد پیرخدری) لە شاری هەولێر كرا، تێیدا لەلایەن كەسێكەوە قورئان و چەندان پەرتووكی ئاینی هاتە دڕاندن.