شادمان مەلا حەسەن سەركردە لە بەرەی گەل رای گەیاند، بافڵ تاڵەبانی یەكجار راستیی گوتووە، ئەویش كە گوتی "باوەڕم بە دادگا نییە".
لە شەوی ڕابردووەوە، سەركردە و لایەنگرانی بەرەی گەل بەهۆی بڕیاری مانگرتنی لاهوور شێخ جەنگی لە گرتووخانەكانی یەكێتی خرۆشاون.
شادمان مەلا حەسەن سەركردە لە بەرەی گەل، لە واڵی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك هێرشی كردووەتە سەر بافڵ تاڵەبانی ركابەرە سیاسییەكەیان لە سلێمانی و دەڵێ، بافڵ یەكجار راستیی گوتووە.
شادمان مەلا حەسەن نووسیویەتی، لە دوای هەشتی تەمووز بافل تاڵەبانی یەكجار ڕاستی لە دەم هاتووەتەدەر، ئەویش كاتێك گوتی "دادگا نییە و باوەڕم بە دادگا نییە".
هەروەها باسی لەوە كرد كە ئەو راست دەكات ئەگەر یاسا و دادگا هەبووایە، ئەوەی بۆ نەدەچووە سەر ئەو هەموو سووكایەتی و بێ ڕێزییە بە دادگا و یاسا و حكوومەت بكات.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئێستە جووتبرا "بافڵ و قوباد" بە ئارەزووی خۆیان دۆسیەكانی لاهوور شێخ جەنگی هەڵدەسووڕێنن، لە كاتێكدا چەندان جار داوا كراوە كە دۆسیەكەیان بگوازرێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام ئەوان رێگریی دەكەن.