حكوومەتی هەرێم: ڕێ نادەین کوردستان بکرێتە دوو ئیدارە و ئەو هەوڵانە سەرناگرن

:: PM:07:02:20/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسانی 2026، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی حزبێکی دایەوە کە لە میدیاکانەوە باسی لە بوونی دوو ئیدارەیی کردووە و لە پێوەندی بە دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمەریکیش بۆ هەرێم چەواشەکاریی کردووە.

لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، پێشەوا هەورامانی دووپاتی دەکاتەوە، "لای هەمووان ڕوونە حكوومەتی هەرێمی کوردستان حكوومەتێکی دەستووریی ددانپێدانراوی فیدراڵییە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ڕەنجی خەڵکی کوردستانە، هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدووئیدارەییکردنی، بەڵام ڕێ بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت".

لەبارەى پرسی ئەو چەکانەی کە گوایە لەلایەن ئەمەریکاوە بە لایەنێکی کوردی دراون، گوتەبێژی حكوومەت ئاماژە بەوە دەدات کە سەرۆکی ئەو حزبە خۆی بێبەری دەکات، لایەنی تر تاوانبار دەکات و لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەریکی چەواشەکارین. ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت، خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو ڕاستییەکەی بۆ هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە، بۆیە پێویست بەو هەموو چەواشەکارییە ناکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نییە لەبری دەزگا فەرمییەکان قسە بکات و قسەکانیشی ناڕاست بن، چاوەڕێش بێت بەم شێوەیە گومان لەسەر خۆی و دارودەستەکەی لا ببات.


وشە - پۆڵا مەحموود