شێركۆ تاڵەبانی: بافڵ و قوباد بە زەبری هێز و پارە حوكمێكی دكتاتۆرییان سەپاندووە

:: PM:07:19:20/04/2026 ‌
كەسێكی نزیك لە ماڵی بافڵ و قوباد، چەند نهێییەك ئاشكرا دەكات و دەڵێ‌، بەرەی بافڵ و قوباد تەنیا خەڵكانی هەلپەرست و شەیدایانی پلە و پۆست و پارەن و بەرەی جەهالەت و ستەم و تیرۆر و وێرانكارین، بە زەبری هێز و پارە و چەكدارێكی زۆرەوە حوكمێكی دكتاتۆرییان بەسەر خەڵكیدا سەپاندووە.

لە پۆستێكی فەیسبووكدا، شێركۆ تاڵەبانی نووسیویەتی، فرۆشتنی شكۆی یەكێتی و خوێنی هەزاران شەهید لە پێناو پاراستنی كورسییەكەی بافڵ و قوباد، ئەمە ڕێك ئەو بانێك و دوو هەوایەیە كە ساڵێكە لە سلێمانی دەیفرۆشنەوە.

"مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی بوونەتە -مێگەل-و تەنیا تەماشاكەری بڕیارە تاكڕەوانەكانی بافڵ و براكەین، خەڵكی ئاسایی، لایەنە سیاسییەكانی تر و كادرە سادەكانن كە لە پێناو مانەوەی دوو برادا، دەكرێنە قوربانی و یەكێتی حزبی ڕووبارێك لە خوێنی شەهیدان بەرەو دۆزەخ و هەلاهەلا بوون دەبەن". شێركۆ تاڵەبانی وای نووسیوە.

باسی لەوە كردووە كە ئەوەی لە هەشتی تەمووز ڕوویدا، تەنیا كودەتایەكی سەربازی نەبوو، بەڵكو تۆڵەی مێژوویی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد بوو لە ڕێبازە ئەسڵییەكەی مام جەلال، ئێستە یەكێتی دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا كە بەرەی دەسەڵاتدار كە درێژەپێدەری ڕێبازی ئیبراهیم ئەحمەدن "بافڵ، قوباد و شاناز" و بەرەی جەماوەر كە درێژەپێدەری ڕێبازی ڕاستەقینەی مام جەلالن، لاهوور شێخ جەنگییە.


وشە - وشه‌