رۆژی شەموو دەزگای رۆژنامەوانیی "وشە" هەواڵێكی بڵاو كردەوە كە كۆتایی هەفتە، لیستی مووچە رەوانەی بەغدا دەكرێت و ئامادەكارییەكان دەستی پێ كردووە، ئەمڕۆ گوتەبێژی حكوومەت پشتڕاستی ئەو هەواڵەی كردەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 21ـی نیسان، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، سەرجەم كێشە تەكنیكییەكانی پێوەست بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر كراون و رەوانەی بەغدا كراون.
زیاتر گوتی، وەزارەتی دارایی هەرێم وردبینیی تەواوی لە لیستەكاندا كردووە و نێردراوە بۆ حكوومەتی فیدراڵ، چاوەڕوان دەكرێت دوای دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە، شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش رەوانە بكرێت.
ڕۆژی شەموو 18ـی نیسان، "وشە" بڵاوی كردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی كەوتووە و تێیدا هاتووە، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە كراوە و ئێستە چەند وردەكارییەكی ماوە.
ئەوەیش زانراوە، لە هەرێمی كوردستاندا هەزار و 189 یەكەی ژمێریارییە، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لە سیستمی پەیرۆڵ پەسند كراون و لیستەكەیان داخل كردووە، بۆیە فەرمانبەران لە ڕێگەی KRDPassەوە دەتوانن وردەكاریی مووچەكانیان وەك مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵەكان و لێبڕینەكان بزانن.
هاوكات لە زانیارییەكاندا هاتووە، كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی چوار رەوانەی بەغدا دەكرێت، ئەوەیش دوای ئامادەكردنی بە تەواوەتی تا هیچ كێشەیەكی نەبێت.