سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی گونجاو و دوور لە هەر كۆتوبەندێك بۆ كاری میدیایی.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، یادی 128 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (كوردستان) و میر میقداد میدحەت بەدرخان و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، بە گەرمی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان پیرۆز دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لەم بۆنەیەدا جارێكی تر دووپات لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەكەینەوە وەك بنەمایەكی سەرەكیی دیموكراسی و كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی پێشكەوتوو.
باسی لەوەش كردووە، بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی گونجاو و دوور لە هەر كۆتوبەندێك بۆ كاری میدیایی، بە جۆرێك كە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بكات.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێكی كاریگەری بنیاتنانی حوكمڕانییەكی باش و دادپەروەرە، بۆیە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەكەم بەوپەڕی ڕاستگۆیی و پیشەگەرانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی كولتووری پێكەوەژیان، یەكتر قبووڵكردن و لێبوردەییدا بگێڕن و برەو بە گیانی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی وڵات بدەن، سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان كرد.