تەزرە و بارانێكی بەهێز بەڕێوەیە و ئەگەری لافاویش هەیە

:: AM:10:42:22/04/2026 ‌
شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین و هەورەبروسكە لە كۆتاییەكانی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایاردا، ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بەجۆرێك كە ئەگەر هەیە بەنداوی دوكان سەرڕێژ ببێت.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی نیسان، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای بواری كەشناسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، بەدیاریكراوی لە (26 تا 30)ـی مانگی نیسان، شەپۆلێكی تری بارانبارینی بەهاریی مامناوەند بۆ بەهێز تەواوی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
 
زیاتر گوتی، شەپۆلەكە بە دوو قۆناغ دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵی لێ دەكرێت كە بە تاوەبارانی بەلێزمە، هەورەبروسكە و تەزرە یاوەر دەبێت.

 ڕوونیشی كردووەتەوە كە لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆ، لە سەرەتای مانگەكەدا شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، كاریگەریی بەرچاوی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكان دەبێت، بەتایبەتی بەنداوی دوكان كە ئێستە كەمتر لە پێنج مەتری ماوە بۆ ئەوەی بەتەواوی پڕ ببێت، بەهۆی ئەم شەپۆلانەوە ئەگەری سەرڕێژبوونی هەیە.



وشە - رامیار جەواد