وەزری پەروەردە بۆ پێدانی نمرە بە قوتابیان دەستپێشخەرییەكی نوێی راگەیاند

:: AM:11:18:22/04/2026 ‌
 وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری یەكلاكەرەوەی وەزارەتەكەی لەبارەی پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی راگەیاند، بۆ پێدانی نمرەی پاداشت بە قوتابیان، ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەكی نوێ كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 22ی نیسانی 2026، د. ئالان حەمەسەعید لە لێدوانێكیدا رای گەیاند: "هیچ بڕیارێك بۆ كەمكردنەوەی مەنهەجی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ئارادا نییە".

وەزیری پەروەردە دووپاتی كردەوە كە ئەم بابەتە پێشتر لەلایەن لیژنەی باڵای وەزارەتەوە تاوتوێ كراوە و بڕیاری كۆتایی لێ دراوە، كە تاقیكردنەوەكان لە تەواوی پرۆگرامی خوێندن هیچ بەشێكی لێ كەم نەكرێتەوە.

لە تەوەرێكی تری لێدوانەكەیدا، وەزیری پەروەردە موژدەیەكی بە قوتابیان دا و رای گەیاند، وەزارەتەكەیان كار لەسەر پڕۆژەیەكی نوێ دەكات بۆ هاندانی قوتابیان لە پاراستنی ژینگەدا. بەپێی پڕۆژەكە، بڕیارە پێنج نمرەی پاداشت بدرێتە ئەو قوتابیانەی كە وەك "ژینگەدۆست" دەناسرێن و چالاكییان لەو بوارەدا دەبێت.

د. ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەش كرد: "هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ داڕشتنی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ئەنجام دەدرێت، بڕیارەكەش دەخرێتە ناو مەنهەج و پلانی وەرزی داهاتووی خوێندنەوە."



وشە - سۆران عەزیز