مانگرتنی گیراوانی لالەزار بۆ چوارەم ڕۆژ بەردەوامە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگی خراپ بووە، یەكێتیش بۆ شاردنەوەی ئەو هەواڵە لە میدیاكانی هەواڵی چەواشەكاری لەسەریان بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت، مانگرتنیان شكاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی نیسان، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەندروستیی مانگرتووانی لالەزار، رێگە نەدرا تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانیان بكەن.
ئەوەیش زانراوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگی خراپ بووە و پێشنیاری چارەسەری تەندروستیشی رەت كردووەتەوە، ئاسایشی یەكێتیش رێگریی كردووە كە تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دوو ڕۆژە لە سلێمانین، سەردانی ئەو گیراوانە بكەن.
هاوكات ئاوات شێخ جەنگی خوشكی لاهوور شێخ جەنگی، وەڵامی میدیاكانی یەكێتیی دایەوە و دەڵێت، دەنگۆی شكاندنی مانگرتن لە خواردن دوورە لە ڕاستییەوە، دەزگا تەناهییەكان بە مەبەست ئەو هەواڵەیان بڵاو كردووەتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ بۆ چوارەمین رۆژە مانگرتووانی لالەزار بەردەوامن لە مانگرتن، هەروەها رێگە نەدراوە كەس بیانبینێت.