ئاگری پاڵاوگەكەی هەولێر كۆنترۆڵ كرا

:: PM:01:20:22/04/2026 ‌
بەیانیی ئەمڕۆ ئاگرێك لە یەكێك لە پاڵاوگەكانی هەولێر كەوتەوە، بەرپرسێكی بەرگریی شارستانی رای گەیاند، تیمەكانیان توانیویانە بە كەمتر لە نیو سەعاتدا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن و رووداوەكە هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی نیسان، شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەكە لە ناو پاڵاوگەیەكی بەرهەمهێنانی قیر كەوتووەتەوە نەك سووتەمەنی. 

زیاتر گوتی، هۆكاری رووداوەكەش بۆ پاڵەپەستۆیەكی زۆر لە كاتی بەتاڵكردنی تانكییەك گەڕایەوە كە بووە هۆی تەقینەوەی، بەڵام بەهۆی هەبوونی ئامێری ئاگركوژێنەوەی جێگیر لە شوێنەكە و گەیشتنی خێرای شەش تیمی بەرگریی شارستانی، رێگری لە تەشەنەكردنی ئاگرەكە كرا.

باسی لەوەش كرد، ئەوان لیستی ئەو شوێنانەیان لایە كە پابەند نین و رێكاری یاساییان بەرانبەر دەگرنەبەر، دەبێت هەموو پاڵاوگەیەك سیستمی پاراستنی وەك فۆم و ئامێری ئاگركوژێنەوەی جێگیری هەبێت.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هۆشداریی دایە هاووڵاتییان لە وەرزی سەیراندا، ئاگر و پاشماوەی شووشە و پلاستیك لە سروشتدا بەجێ نەهێڵن، هەروەها ئامادەیی تیمەكانیانی بۆ پاراستنی دەغڵ و دانی جووتیاران لە وەرزی دروێنەدا دووپات كردەوە.



وشە - رامیار جەواد