ئەحمەد ئەسەف/ ئەو فەرماندەی لە شەڕەكەی لالەزار خۆی رزگار كرد و تا ئێستە یەكێتی بەدوای دەگەڕێ/ پەیامێكی بڵاو كردەوە و رووی كردووەتە هاوڕێ كۆنەكانی لاهوور شێخ جەنگی و پێیان دەڵێ، ئێوە لە زیندانێكی گەورەن.
ئەسەف دەڵێ، ڕوو لەو كەسانەی كە دوێنێ لە سێبەری هێز و ناوی لاهوور شێخ جەنگیدا خۆیان وەك سەركردە و پیاوی دەوڵەت نیشان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ لە ئاست ئەو نادادییەی بەرانبەری دەكرێت، نەك هەر بێدەنگن، بەڵكو بوونەتە تەواوكاری ئەو سیناریۆیانەی كە بۆ زیندانیكردنی داڕێژراون.
هەروەها دەڵێ، ئەگەر لاهوور شێخ جەنگی لە پشتی میلە ئەستوورەكانی زینداندا بێت و مانی لە خواردن گرتبێت، ئەوا دڵنیابن ئێوە لەناو زیندانێكی زۆر گەورەتردان، زیندانی ویژدان و شەرمەزاری، ئەو پێگە و پارەیەی كە ئەمڕۆ شانازی پێوە دەكەن، بەرهەمی ئەو پیاوە بوو كە ئێستە ئێوە پشتی تێدەكەن.
هەروەها دووپاتی كردووەتەوە و دەڵێ، "ئێمە دانانیشین چاوەڕێی مەرگی ئازیزانمان بین هەڵوێستمان دەبێت" .